سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: گەندەڵی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا ڕاگیراوە

فۆتۆ: 
2019-11-20

5152 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، گەندەڵی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا ڕاگیراوە و ڕێگە نادرێت لە ڕێگەی بەرتیل و هاوڕێیەتییەوە مامەڵە لە فەرمانگەکاندا ڕایی بکرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ لە دیداری ئاشتى و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک ڕایگەیاند، ئەوان کە هاتن دروشمی کوردستانێکی بەهێزیان بەرزکردەوە، بۆئەوەی ئاسایشی زیاتر و ئابورییەکی بەهێزتر بنیات بنێن و سەقامگیریی سیاسی بچەسپێنن. وتیشى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا بەهێز دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ڕاشیگەیاند، حکومەتی بەرپرسیار ئەوەیە کە دەتوانێت گەندەڵی کەمبکاتەوە، زۆر ئەستەمە گەندەڵی بە تەواوی لەناوببرێت، بەڵام ئەوان لەڕووی داراییەوە چاکسازییان کردووە، هەندێک لە کارمەندانی حکومەتیش دوو کاتژمێر کاردەکەن، بەڵام موچە وەردەگرن و دەبێت فەرمانبەران تا کاتی دیاریکراو دەوام بکەن بۆئەوەی گەندەڵی دروست نەبێت.

ئاماژەى بەوەش کرد، ڕێگری دەکەن لە بەرتیلدان و ڕاییکردنی کارەکان لە فەرمانگەکاندا. وتیشی، گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا ڕاگیراوە و کەس ناتوانێت لە ڕێگەی هاوڕێیەتییەوە کارەکانی جێبەجێ بکات، هەروەها بۆئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا ئاسایی بکەنەوە و بکرێنەوە و بەڕووی جیهاندا، پشت بە فرەیی سەرچاوەی داهات دەبەستن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان هەمیشە ڕەخنە دەگرن لە زۆریى گەندەڵى لە سەرجەم جومگەکانى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستاندا، بەرپرسانیش بەردەوام بەڵێنى چاکسازی و بنەبڕکردنى گەندەڵییان داوە بە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.