سەردێڕ:

لاهور شێخ جەنگی: دوای کۆنگرە پرسگەکان لەنێوان بەرپرسانی یەکێتی و خەڵکدا هەڵدەگیرێن

لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری
فۆتۆ: گووگڵ
2019-11-20

9507 جار خوێندراوەتەوە

لاهور شێخ جەنگی باس لە کۆنگرەی حزبەکەی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو سەر بە هیچ هێڵێکی یەکێتی نییە و دوای کۆنگرەش، پرسگەکان لەنێوان بەرپرسانی یەکێتی و خەڵکدا هەڵدەگیرێن.

 لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی، لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری، ئەوەشی ڕاگەیاند، پێیانوایە دەبێت گۆڕانكاریی لە پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکێتیدا بكرێت، چونكە ئەو پەیڕەوەی هەیە بۆ سەردەمێكی دیاریكراو بووه‌ و ئێستا سەردەمێكی دیکەیە. دەشڵێت، دوای کۆنگرە یەکێتی حزبی خەڵك دەبێت نەك حزبی گرووپی بەرپرسانی دەستەگەر.

لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی وتووە، بۆ كۆنگرەی یەكێتی دژی تەوافوقە، بەڵام لەگەڵ لێكتێگەیشتندایە، هەروەها، ئەو هیچ هێڵێكی نییە و سەر بە هیچ كوتلەیەك نییە.

ئاماژەی بەوەش کردوە، لەم كۆنگرەیەدا كار بۆ ناساندنی یەكێتیی نوێ دەكەن و دوای كۆنگرەش یەكێتیی دەبێتە حزبی دەستپێشخەر ‌و ڕێ بە سیاسەتی ناحەكیمانەی هیچ لایەنێك نادات، لە بەرامبەر نەیارەكانیشیدا بێدەنگیی تێدەپەڕێنێت و دەستپێشخەریی دەكات و دەشڵێت: باوەڕ ناكات هیچ كەسێك یاخود ئیرادەیەك هەبێت بتوانێت ڕێگریی لەم كۆنگرەیە بكات.

باس لەوەش دەکات، دوای كۆنگرە، یەكێتیی گوتاری میانەڕەوی ناسیۆنالیستی دەپارێزێت و نەتەوەیی و نیشتیمانیبوون پەرە پێدەدات. هەروەها بە بەرنامەی ورد، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی پێش دەخات و لە ڕێگەی حزب و حكومەتەوە، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر خەڵك.

ئەوەش لەکاتێکدایە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رۆژی یەکی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ دامەزراوە. ئەو حزبە یەکەم کۆنگرەی خۆی لە دوای راپەڕین و لە ساڵی ١٩٩٢، دووەم کۆنگرەی لە ساڵی ٢٠٠١ و دوایین کۆنگرەشی لە ساڵی ٢٠١٠ کردووە و وا بڕیاریشە، لە ٧ی مانگی داهاتوو، کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت.