سەردێڕ:

یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی بەریتانیا بەڕێوەچوو

لای ڕاست جێرمی کۆربین (پارتی کرێکاران)، و لای ڕاست بۆریس جۆنسن (پارتی پارێزگاران)
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-20

2027 جار خوێندراوەتەوە

شەوی ڕابردوو، یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردنەکانی مانگی دوانزەی بەریتانیا، لەنێوان سەرکردەکانی پارتی پارێزگاران و پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتەدا، بەڕێوەچوو.

دیبەیتەکە لە نێوان بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کە بەهۆی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەوە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی شاژنی وڵاتەکەی کردووە، و جێرمی کۆربین، سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیادا، بوو.

لە بەشێک لە دیبەیتەکەدا، جۆنسن بەڵێنی کۆتاییهێنانی بە ئاڵۆزییەی لەو وڵاتەدا سەریهەڵداوە دا و جێرمی کۆربینیش بەڵێنی چارەسەرکردنی بابەتی برێگزت-ی دا، بەوەی کە دەرفەتێکی دیکە بۆ خەڵکی بەریتانیا دەرەخسێنێت تا بۆ دوایەمین جار دەنگی لەسەر بدەن.

لە دیبەیتەکەدا، بە گشتی قسەکانیان لەسەر خزمەتگوزاریی تەندرووستی، متمانە، پێشەوایەتی، داهاتووی سکۆتلەندا و بنەماڵەی شاهانەیی بوو کە تێیدا، پارتی کرێکاران، پارتی پارێزگاران بە ڕادەستکردنی سیستمی تەندرووستی بەریتانیا بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا، تۆمەتبار دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وا پێشبینی دەکرا لە ٣١ی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا، بەریتانیا پرۆژەی برێگزت ئەنجامبدات و لە یەکێتی ئەوروپا بێتەدەرەوە، بەڵام پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لەسەر ئەم بابەتە لە پەرلەماندا ڕێنەکەوتن و بڕیاردرا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ١٢ی ١٢ی ٢٠١٩دا.