سەردێڕ:

​هەولێر.. هاوڵاتییانی شاوەیس دژى داگیرکردنى زەوییەکانیان گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2019-11-20

5733 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دانیشتوانى شاوەیس لە هەولێر دژى داگیرکردنى زەوییەکانیان لە لایەن ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتیەوە گردبوونەوە.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ بەشێک لە هاوڵاتیانى گەڕەکى شاوەیس لە شارى هەولێر گردبوونەوە و ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتیش تاوانباردەکەن بە داگیرکردنى زەوییەکانیان.

هاوڵاتیان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان زەوییەکانیان لە باوباپیریانەوە بۆ ماوەتەوە هەموو بەڵگەنامە و تاپۆکانیان هەیە، بەڵام لە ئێستاشدا بە بێ قەرەبووکردنەوەیان زەوییەکانیان داگیرکراوە.

ڕاشیدەگەیەنن، زەوییەکانیان لەلایەن بەرپرسانەوە تەخشان وپەخشان دەکرێت و ئەوان پێشتر بەشێک لەزەوییەکانیان بەخشى بەحکومەت بۆمەبەستى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى شێرپەنجە لە سەرى بەڵام لە ئێستادا یەکەى نیشتەجێبونى لەسەر دروستکراوە.

ئەوەشیان خستەڕوو، بەشێکى زۆرى دانیشتوانى ئەو سنورە کە پێکدێن لەخاوەن زەوییەکان کرێچین، بەڵام زەوییەکانیان دەکرێتە پڕۆژەى نیشتەجێبون بەبێ ئەوەى ئەوان قەرەبوش بکرێنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەئێستادا لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە لە هەرسێ وەزارەتی کشتوکاڵ و داد و دارایی هەرێمی کوردستان بێکدێن، لێکۆڵینەوە لە زەویی ئەو کەسانەی خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین دەکرێت تا لە هەر دۆنمێک زەوی لە سەدا سێی قەرەبوو وەربگرن، ئەو کەسانەشی زەویەکانیان موڵکی کشتوکاڵیە لە سەدا دوازدە قەرەبوویان پێ بدرێت .