سەردێڕ:

​ خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن

پردی کۆماریی، گەورەترین پردی بەغدای پایتەختی عێراق
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-20

2290 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانەکان لە عێراق و بەغدای پایتەخت بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بەسەر پردی ئەحراردا گرتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامە و سەرچاوە هەواڵییەکان باس لە دەستبەسەرداگرتنەوەی پردی ئەحرار، کە سێیەم گەورەترین پردی پایتەختی عێراقە و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خۆپیشاندەران دەستیانبەسەرداگرتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دەکەن.

هاوکات، ئەم بەیانییە، ٢٥ خۆپیشاندەر بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستیان بە گازی فرمێسکڕێژەوە، گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی ڕابردوو لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکاندا، پەرلەمانی عێراق بۆ دەرچواندنی یاسای کەمکردنەوەی ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسانی عێراق، دەنگیدا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەریەک لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق و سەرۆکی هاوپیەمانی نەسر، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، لەسەر دۆخی عێراق کۆبوویەوە.

دواتر، دوانزە لایەنی سیاسی سەرەکی عێراق، کە یەکێتی و پارتی بەشدار بوون و نەوەی نوێ بەشدارینەکرد، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی عێراق ڕێکخست و چەند بڕیارێکیان دەرکرد و هەڕەشەى ئەوەیان کرد کە ئەگەر حکومەت ئەو بڕیارانە بە خێرایی  و لە کاتی دیاریکراودا جێبەجێنەکات، ئەوا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەدەن.