سەردێڕ:

لێبوردنی نێودەوڵەتی: زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر لە ئێران کوژراون

خۆپیشاندەرانی ئێران، تاران
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-11-20

1670 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی ئێران گڵۆپی سەوزیان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەڵکردووە، وا باوەڕ دەکرێت کە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر کوژرابن.

لە ڕاپۆرتێکیدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە، بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان و وتەی خۆپیشاندەران، خۆپیشاندانەکانی ئێران بە زەبری هێز سەرکوتدەکرێن و خۆپیشاندەرانیش، هەروا بە ئاسانی دەکوژرێن.

ئەوەش هاتووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە ئێرانەوە بەدەست ڕێکخراوەکە گەیشتووە، بەلایەنی کەمەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٦ خۆپیشاندەر لە ٢١ شاری ئێراندا کوژراون، بەڵام لێبوردنی نێودەوڵەتی بڕوای وایە کە ئامارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.

هاوکات، هەندێک ڕاپۆرتی دیکەیان بەدەست گەیشتووە باس لە کوژرانی نزیک بە ٢٠٠ کەس دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدا، میدیاکانی ئێران تەنیا باس لە کوژرانی چەند خۆپیشاندەرێک و چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

لە ئێوارەی هەینی ڕابردووەوە، بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە، خۆپیشاندان لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی بڕینی هێڵی ئینتەرنێتی ئێرانەوە، لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە، زانیارییەکی ئەوتۆ دەست ئاژانسەکانی هەواڵ ناکەوێت.

H.B