سەردێڕ:

عێراق پاش پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ خورما هەناردەی دەرەوە دەکات

فۆتۆ: 
2019-11-19

2477 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، پاش ئەوەی پێداویستیی ناوخۆ پڕکراوەتەوە، عێراق بە هەزاران تۆن خورما هەناردەی دەرەوە دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، پاش پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و عەمبارکردنی بڕێکی باش لە خورما، بە هەزاران تۆن هەناردەی دەرەوە دەکەن و لەوبارەیەشەوە حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ هۆکارەکەى بۆ سەرکەوتنی ڕێکار و پلانەکانى وەزارەتەکەى گەڕاندەوە، کە بووەتە هۆکارى پشتگیریکردنی خاوەن بێستانەکان.

ئەو وتەبێژە لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوە کرد، "ئەمساڵ ساڵی وەبەرهێنان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بوو، بە شێوەیەکی بەرچاو و زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو، بە تایبەتیش دانەوێڵەکانی وەک گەنم و جۆ، هەروەها خورماش".

وتیشی، "وەزارەتەکە سولفەی بە خاوەن بێستانەکان داوە، کە لە سنوری ١٥٠ ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە، بۆ چاککردنی بەرهەمەکان، بەوەی وەزارەت هەڵبستێت بە پاراستنی دارخورماکان لە ئافات، سەرەڕای دەرکردنی بڕیارى قەدەغەکردنى هاوردەنەکردنی خورما لە دەرەوە، هەتا ئەگەر جوتیارەکان چاودێرییەکی باشی باخی خورماکان نەکەن".

جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی بە هەزاران تۆن خورما هەناردەی دەرەوە کراون، ئەوەش پاش ئەوەی پێداویستی ناوخۆی لێ پڕکراوەتەوە، وتیشی، "نرخی هەر تۆنێک خورما ملیۆنێک دینار بووە، لەکاتێکدا پێشتر بۆ هەر تۆنێک تەنها ٢٠٠ هەزار بووە"، بەرزبوونەوەی نرخەکەشی گەڕاندەوە بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی خورما لە دەرەوە.

 

H.A