سەردێڕ:

عێراق باری نائاسایی کۆتایى پێهێنا

عەبدولمەهدى دەچێتە پەرلەمان
فۆتۆ: 
2019-11-19

3290 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، باری نائاسایی کۆتاییهاتووە و دەوامی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، یاسین تاهیر یاسرى وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، باری نائاسایی کۆتایی پێهاتووە و دەست بە دەوامی ئاسایی فەرمانبەرانی وەزارەتەکە دەکرێتەوە، لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "ئەمە پاش ئەوەیە کە فەرمانبەرەکانی ئەو وەزارەتە ڕۆڵێکی باشیان گێڕا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ئەنجامدانی کارەکانیان بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران."

لە هەمان کاتدا، ئەمڕۆ نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی چاکسازییەکانی وەزارەتەکەی پێشکەش دەکات بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان.

لەوبارەیەوە سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، بەمزووانە سەرۆک وەزیران سەردانی پەرلەمانى عێراق دەکات، بۆ پێشکەشکردنی خواستی خۆی لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی.

حەدیسی ڕوونیشیکردەوە، سەرۆک وەزیران لیستێک پێشکەشدەکات، کە پێکدێت لە چەند وەزارەتێک بۆ پێشکەشکردنی کارى خزمەتگوزاری و ئابووری، لەپێناو جێبەجێکردنى داواکاریی خۆپیشاندەران.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندان لە بەغداد و چەند شارێکی دیکەی عێراقدا سەریهەڵداوە، بە جۆرێک کە لە دوای رووخانی ڕژێمی سەدام حسێنەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەمە یەکەمین خۆپیشاندانی گەورەی لەو شێوەیەیە لە عێراقدا، بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق زیاترە لە ٣٠٠ کەس، و زیاتر لە ١٥ هەزار خۆپیشاندەریش برینداربوون.

 

H.A