سەردێڕ:

ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە دەربارەی شەڕی دوو مامۆستاى زانکۆ ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-11-19

5125 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە دەربارەی شەڕی دوو مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ڕێگە نادەین هیچ کەسێک شکۆی مامۆستایانی زانکۆ و زانکۆی هەڵەبجە بشێوێنێت".

ئەمڕۆ سێشەممە، دەربارەی دروستبوونی شەڕ لە نێوان دوو مامۆستای بەشی یاسای زانکۆی هەڵەبجە، ئەنجومەنی زانکۆ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و، تیایدا هاتووە، "لەپێناو بەلاڕێدانەبردنی ڕووداوەکە و دروستنەبوونی چەواشەکاریی میدیایی و بەکارهێنانی بۆ مەبەستی تایبەتی، ئەنجوومەنی زانکۆی هەڵەبجە هەڵوێست و مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ئەو کەیسەدا لە چەند خاڵێکدا ڕووندەکاتەوە".

لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئەنجوومەنی زانکۆ لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە پێکهێناوە و، بەپێی یاساى ڕێکاری فەرمانبەرانی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا دەکات و کەسی  بەرپرس لە کەیسەکە راستەوخۆ رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە"، باس لەوەش کراوە "دەزگاکانی پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری، دوای ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوەی جددی لە کەیسەکە و کەسی تێوەگلاو لە ڕووداوەکە ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە".

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئەنجومەنی زانکۆ خۆی بە پارێزەری یاسا و لێپرسراو دەزانێت بەرامبەر مافی کەسی و یاسایی هەموو مامۆستایانی زانکۆ، دوای ڕوودانی ڕووداوەکە راستەوخۆ سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەیوەندی کردووە، وەزیریش ئەنجومەنی زانکۆى ڕاسپاردووە بەپێی ڕێکارە یاساییەکان مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکرێت".

ئەوەش هاتووە، "هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە، بوار نادەین هیچ کەسێک شکۆی مامۆستایانی زانکۆ و زانکۆ بشکێنێت، بۆ ئەمەش هەموو توانای خۆمان دەخەینەگەڕ و مامۆستایانی زانکۆ دڵنیادەکەینەوە کە بەرگری لە مافی مامۆستایان دەکەین و مافی هەمووان دەپارێزین".

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لە کۆلێژی یاسای زانکۆی هەڵەبجە شەڕ و پێکداهەڵپژان لە نێوان مامۆستایەک و بڕیاردەری بەشی یاسادا دروستبوو، سەرچاوەیەکیش بە ئێن ئاڕ تیی وت، چەند مامۆستایەک پێشتر ناڕازیبوون لە کارەکانی بڕیاردەری بەشەکە و سەرۆکایەتیی بەشی یاساشیان لە کێشەکە ئاگادارکردووەتەوە.

H.A