سەردێڕ:

فەرماندەی ئاسایشی ڕۆژئاوا: بەردبارانکردنی کاروانی هێزەکانی رووسیا نابێت دووبارە ببێتەوە

فۆتۆ: 
2019-11-19

7463 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاواى کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە دەربارەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست تایبەت بە بەردبارانکردنی هێزە هاوبەشەکانی تورکیا و روسیا لە کۆبانی.

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە رۆژئاواى کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە بۆ ڕای گشتی، تایبەت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دەربارەی بەردبارانکردنی هێزە سەربازییەکانی رووسیا لە کۆبانی و دڵنیایی دا کە نابێت دووبارە ببێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە، "ئەو کارە جێگەی داخە، ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە".

بەیاننامەکە دڵنیایی داوە لەوەی هێزە هاوبەشەکانی سووریا بەناو شاری کۆبانی و ناوچە سنوورییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنی "سۆچی" بووە، کە دڵنیایی دەدات لەسەر پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکان و دەستەبەرکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا.

باس لەوەش کراوە، هێزە سەربازییە کوردییەکان لە کۆبانی و ناوچەکانی دیکەدا، پابەندن بە چەسپاندنی یاسا و پارێزگاریلێکردنی، هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی گیانی هاوڵاتییان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی ڕێککەوتنی رووسیا و تورکیا، دەورییەی هاوبەشی سوپای سەربازی ئەو دوو وڵاتە لە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدرێت، ئەمەش جاری دووەمە کە کاروانی هێزە هاوبەشەکانی تورکیا و رووسیا لە کۆبانی بەردباران بکرێن.

H.A