سەردێڕ:

بەڵگەنامەیەک: بەرپرسێکى کورد لەبەرامبەر ٨٧ یۆرۆدا زانیاریی بە سیخوڕەکانی ئێران داوە

مانشێتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، گرافیکی ئێن ئار تیی تێکەڵ بە نەخشەی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێرانی کردووە
فۆتۆ: NRT
2019-11-19

8467 جار خوێندراوەتەوە

لە یەکێک لەو بەڵگەنامانەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەسەر دەسەڵاتی ئێران لە عێراق بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، بەرپرسێکى کورد لە ناو دەزگای هەواڵگری عێراقدا لەبەرامبەر ٨٧ یۆرۆدا زانیاریی بە سیخوڕەکانی ئێران داوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، لە بەدواداچوونێکیدا، باس لە دزەپێکردنی سەدان بەڵگەنامە دەکات، لەسەر دەستێوەردان و کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە.

 لە بەڵگەنامەیەکدا ھاتووە، "لەسەروبەندی شەڕی داعشدا، کوردەکانی عێراق لەبەرامبەر وەرگرتنی چەک لە سوپای قودسی ئێران، نەوتیان ڕادەستکردوون. ھاوکات، بەرتیل بە ئەفسەرانی دەزگای ھەواڵگری عێراق، بۆ پێدانی زانیاری، دراوە. لەناویشیاندا باس لە بەرپرسێکى کوردی ناو ھەواڵگری عێراقی دەکات کە لەبەرامبەر تەنیا ٨٧  یۆرۆدا، زانیاریی بە سیخوڕەکانی ئێران داوە".

لە دۆکیومێنتێکی تردا ئەوە ئاشکراکراوە، نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٤دا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، بەریتانیا و عەبادیدا کۆبووەتەوە و دواتریش، ڕاستەوخۆ ڕۆیشتووە بەرپرسێکی ئێرانی بینیوە تا هەموو شتێکی پێ بڵێت. دواتر، نێچیرڤان بارزانی لەڕێگای وتەبێژێکەوە، ڕەتیکردەوە هیچ بەرپرسێکی ئێرانی بینیبێت و ئەو هەواڵەی بە "بێ بنەما" باسکرد و بەتەواوی نکۆڵی لەوەکرد کە وردەکاریی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانیای بە ئێرانییەکان گەیاندبێت.

ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بەوەکرد، سەدان بەڵگەنامەی نھێنی دزەپێکراوی ھەواڵگریی لەسەر باڵادەستی ئێران لە سیستمی سیاسی عێراقدا و کێشمەکێشی نێوان سیخورەکانی خودی دەوڵەتی ئێران، کە لەلایەن ئەفسەرانی ھەواڵگری ئێرانەوە کە بە زۆری لە ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا نوسراون، بە دەست ئاژانسی The Intercept گەیشتووە و، بە ھاوبەشی لەگەڵ نیویۆرک تایمزدا بڵاویدەکەنەوە.

بە گشتی لە بەڵگەنامەکاندا، باس لە ڕۆڵی گەورە و کاریگەری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، کە بەرپرسی جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ئێرانە لە دەرەوەی وڵاتەکەیدا، دەکات. ھاوکات، ھەواڵگری ئێران لەڕێی پێدانی پارەوە، دوای کشانەوەی یەکجاری ھێزەکانی ئەمریکا و دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا( سی ئای ئەی) لە ساڵی ٢٠١١ لە عێراق، دەیان سیخوڕی عێراقی، کە پێشتر کاریان بۆ سی ئای ئەی کردبوو، لە ھەموو سێکتەرەکانی عێراقدا، بە کرێ گرتووە. کاری ئەو سیخوڕانەش، پێدانی بەرتیل و دیاری بووە بە بەرپرسانی عێراق تا ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی بھێنن
.