سەردێڕ:

ئێران: خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێهات

فۆتۆ: 
2019-11-19

3397 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، لە پاش هۆشداریەکەی سوپای پاسداران بۆ خۆپیشاندەرانى شارەکانى ئێران خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێهات.

ئەمڕۆ سێشەمە، غولام حەسەن ئیسماعیلى وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆپیشاندانانەکانی ئێران کە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی بەنزینەوە ئەنجامدرا کۆتاییان پێهات .

ڕاشیگەیاند، کۆتایی هێنانی خۆپیشاندانەکان لە پاش هۆشداریەکەی سوپای پاسداران بوو کە تێیدا هاتبوو، ئەگەر ئاڵۆزییەکان بەردەوام بن، هەنگاوی بەپەلە دەنرێت و روبەڕوی ئەو کەسانە دەبنەوە کە پشێوی دروستدەکەن و ئارامی و ئاسایشی خەڵک تێکدەدەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژى هەینی رابردوەوە خۆپیشاندان لە تارانی پایتەختی ئێران و چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوچوو دژى بەرزکردنەوەى نرخى بەنزین، بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە دەیان کەس کوژران و سەدانى دیکەش برینداربون.