سەردێڕ:

ئێران سەبارەت بە كردنەوەی هێڵی ئینتەرنێت وەڵامی ئەمریكای دایەوە

فۆتۆ: 
2019-11-18

10019 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریكا ناتوانێت هێڵی ئەنتەرنێت لەو وڵاتە بەكاربخاتەوە.

موحەممەد جەواد ئازەری وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئێران لە وەڵامی باڵیۆزی ئەمریكادا ڕایگەیاند، ''قسەكانی باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەڵمانیا بێ بنەمان و ئەمریكا ناتوانێت ئەو هێڵە ئینتەرنێتە ڕاگیراوانە لە ئێران بەکاربخاتەوە،" ئەو قسانەی باڵیۆزە ئەمریكییەكەی بە نانەوەی ئاژاوە ناوبردووە.

ئازەری وتووشیەتی، قسەكانی ئەو باڵیۆزە ئەمریكییە ''درۆیە'' و ئێرانییەكانیش پێویستیان بەو هەوڵەی ئەمریكا نییە بۆ كردنەوەی هێڵی ئینتەرنێت.

ئەو وەزیرە ئێرانییە لە وتەكانیدا ئەوەشی وتووە، ''با ئەمریكا لەبری كردنەوەی هێڵی ئینتەرنێت ئابڵوقەی سەر دەرمانی شێرپەنجەی منداڵەكان هەڵبگرێت،'' وتیشی، بڕینی هێڵەكانی ئینتەرنێت لە ئێران بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بووە و، كردنەوەشی هەر بە بڕیاری ئەو ئەنجومەنە دەبێت.

لای خۆشییەوە عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "باشترە مایك پۆمپیۆ لەبیری ئەو دەیان ملیۆن برسییەی وڵاتەكەی خۆیدا بێت نەك پشتگیریكردنی ئێرانییەكان."

ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەكدا پشتگیریی ئیدارەی ئەمریكایان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دووپاتكردەوە و، لەو میانەیەشدا باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو، واشنتن بە هاوكاریی بەرلین دەتوانێت ئەو هێڵە ئینتەرنێتە ڕاگیراوانەی ئێران لەو وڵاتە بخاتەوەكار و هاوكاریی خۆپیشاندەران بێت.