سەردێڕ:

سۆران عومەر: داهاتی ناوخۆی هەرێم سێ هێندەی ساڵی ٢٠١٥یە

فۆتۆ: 
2019-11-18

5252 جار خوێندراوەتەوە

سۆران عومەر ڕایگەیاند، داهاتی ناوخۆی هەرێم سێ هێندەی ٢٠١٥یە و حکومەتیش موچە بە ڕێکوپێکی دابەشناکات.

سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی وتی، "وەزارەتی دارایی ئەگەر ٣٠ رۆژ جارێک موچە دەدات، بۆ ھێشتا ھەشت موچەیان داوە لە ئەمساڵدا".

ناوبراو وتیشی، "کابینەی پێشووی حکومەت باشتربوو، چونکە  ٢٠ رۆژ جارێک موچەی دەدا، بەڵام ئێستا بە ٣٠ رۆژیش موچە نادرێت"، باسی لەوەش کرد، "دەبوو وایان بکردایە موچەیان چاکبکردایە، نەک سزای فەرمانبەران بدەن لەسەر دەوام".

لە درێژەی قسەکانیشیدا باسی لەوە کرد، "داهاتی ناوخۆی هەرێم ئێستا زۆر زیاترە لە جاران، بە هۆی گومرگ و باج و ڕسومات و پێبژاردنەوە،" وتیشی "داهاتی ناوخۆ لە ئێستادا مانگانە ٢٠٠ ملیار دینارە بێجگە لە داهاتی نەوت، چونکە بە نایاسایی لە کابینەی پێشوودا چەندین دەستکاری یاسا کراوە بۆ زیادکردنی داهات لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە گەڕانەوە بۆ پەرلەمان".

دەربارەی پارەی نەوتی هەرێمیش باسی لەوە کرد، "پارەی نەوتی ھەرێم لای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە نەک وەزارەتی دارایی".

H.A