سەردێڕ:

وێنە.. خێراترین ئۆتۆمبێل لە جیهاندا نمایشکرا

فۆتۆ: 
2019-11-18

6810 جار خوێندراوەتەوە

لە پێشانگای ئۆتۆمبێل لە دوبەی کۆمپانیایەکی ژاپۆنی خێراترین ئۆتۆمبێلی جیهانی نمایشکرد.

کۆمپانیای ئاسپارکی ژاپۆنی روونیکردووەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیە کە ناوی "کونەپەپوو"ی لێ نراوە و بە تەواویش کارەباییە، خێراترین ئۆتۆمبێلە لە جیهاندا.

خێرایی ئۆتۆمبێلی کوندەپەپوو لە ١.٦٩ چرکەدا دەگات بە ٩٦ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە کاتژمێرێکیشدا ٢٥٠ میل دەبڕێت، واتە ٤٠٢ کیلۆمەتر.

بەم ژمارەیەش پێشی ڕکابەرەکانی دەداتەوە وەك ریماك و تێسلا، کە یەکەمیان ١.٨٥ چرکە دەخایەنێت و دووەمیان ١.٩٠ چرکە دەخایەنێت.

ئەم ئۆتۆمبێلە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٧دا نمونە سەرەتاییەکەی نمایشکرا، لە ئێستادا بەردەستە بۆ کڕین و لە پێشانگای نمایشی ئۆتۆمبێل لە دووبەی دانراوە.

ئەمەش وادەکات بە خێراترین ئۆتۆمبێل دابنرێت لە جیهاندا، کە یاسا رێگەی پێ دەدات بە شەقامەکاندا بڕوات.

ماسانوری یوشیدا بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاسپارك، بە گۆڤاری "تۆپ گێڕ"ی وتووە، "کۆمپانیاکە هەوڵدەدات بۆئەوەی ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت بۆ ئۆتۆمبێلە خێراکان لەکاتی تاقیکردنەوەی لە گۆڕەپانی نۆربۆرگرینگ لە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا".

ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیە پاتریی ئایۆن لیسیۆمی تێدایە، کە وزەیەك دروستدەکات توانای ٢٠١٢ ئەسپی هەیە، دەکرێت پاترییەکە بارگاوی بکرێتەوە لە ماوەی ٨٠ خولەکدا.

نرخی ئەم ئۆتۆمبێلەش وا چاوەڕوان دەکرێت بگات بە نزیکی ٣.٢ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.