سەردێڕ:

وەزارەتی پەروەردە پرۆژەیەكی فێركاریی ئەلكترۆنیی ڕاگەیاند

فۆتۆ: 
2019-11-18

8113 جار خوێندراوەتەوە

بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆجیای نوێ، وەزارەتی پەروەردە پرۆژەیەكی فێركاریی ئەلیكترۆنیی بە ناوی ''هەورە'' فێرگە پێشكەشی خوێندكاران و مامۆستایان دەكات.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە ڤیدیۆیەکدا کە لە لاپەڕەی فەرمیی وەزارەتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو پرۆگرامە نوێیە، خوێندكار بێ ئەوەی لەناو پۆلیشدا بێت، دەتوانێت سوود لە وانەكان وەربگرێت و ئاگاداری پرۆگرامەكانی خوێندن بێت.

ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، لەو پرۆگرامەدا، سەرجەم وانەكانی قۆناغی یەك هەتا دوانزەی ئامادەیی بوونی هەیە و خوێندكار دەتوانێت وانەكان بخوێنێت، هەروەها لەناو پرۆگرامەكەدا سەرجەم وانەكان بە ڤیدیۆ و بە زمانی كوردی شرۆڤە دەكرێت و، خوێندكار بێ ئەوەی ئامادەبێت لەناو پۆلدا، وانەكانی خۆی پێدەگات و دەتوانێت كۆششی خۆی بكات.

هەر لە پرۆگرامی "هەورە فێرگەدا" بەشی تاقیكردنەوە هەیە و خوێندكارەكە هەڵسەنگاندن بۆ فێربوونی خۆی دەكات، بەشێكیش لە پرۆگرامەكە بریتییە لە پرسیارخانە، كە تیایدا چەندین پرسیاری سەبارەت بە وانەكان تێدایە.

بە وتەی وەزیری پەروەردە، لە ڕێگەی ئەو پرۆگرامەوە منداڵانی كوردی تاراوگەش دەتوانن بە ئاسانی وانەكانی خوێندنی كوردی بخوێنن.

وەزیری پەروەردە دەشڵێت، "پێویستە ئێمەش وەكو كوردستان سوود لەو شەپۆلی تەكنەلۆجیا و دنیای ئەلیكترۆنییە وەربگرین كە لە جیهاندا بە شێوەیەكی بەرچاو پشتی پێدەبەسترێت".