سەردێڕ:

​وەزیری پلاندانان: لەگەڵ دوو رێکخراو بۆ باشترکردنی ڕەوشی کارەبا گرێبەست کراوە

فۆتۆ: 
2019-11-18

2394 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ دوو رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ باشترکردنی ڕەوشی کارەبا گرێبەست کراوە و دەبێت چاکسازی لەو بوارەدا بکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پینک، چاودێری ڕاوێژکاری بواری کارەبا، بە هەماهەنگیی وەزارەتی پلاندانان و کۆمەکی دارایی ڕێكخراوی USAID و لەژێر سەرپەرشتیی ڕێكخراوی UNDP، گرێبەستیان لەگەڵ كراوە بۆ یارمەتیدانی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەو گرێبەستەی وەزارەتی پلاندانانیش لەگەڵ هەریەک لەو دوو ڕێکخراوەدا، دەربارەی ئەنجامدانی چەند چاکسازییەک و نووسینی یاسایەکی نوێیە بۆ کارەبا.

لە کۆبوونەوەکەشدا گفتوگۆیان کرد دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی پڕۆژە یاسای كارەبای كوردستان، هەروەها بژاردەكانی داڕشتنەوەی پێكهاتەی وەزارەتی كارەبا، بڕیاریش درا پەلە بكرێت لە ئامادەكردنی ڕەشنووسی یاسای كارەبا بۆئەوەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت تا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان کەمدەکات و لە بەرامبەریشدا هاوڵاتییان پێویستییەکی زیاتریان بە بەکارهێنانی کارەبا هەیە لەو وەرزەدا.

 

H.A