سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق: خۆپیشاندانەکان کاریگەرییان لەسەر بەرهەم و هەناردەی نەوت نەبووە

گەنجێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی عێراق
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-11-18

929 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کەناڵی ئاڕ تیی روسیی ڕاگەیاندووە، ئەگەرچی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق نزیک بەو شارانەن کە خۆپیشاندانی تێدا دەکرێت، بەڵام خۆپیشاندانەکان کاریگەرییان بەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتەوە نەبووە.

ئاماژەی بەوەشدا، "جگە لە داخستنی چەند ڕێگایەک کە بەرەو کێڵگە نەوتییەکان دەچن، هیچی دیکە ڕووینەداوە وخۆپیشاندەران، هۆشیارن و ناچن بەلای کێڵگە نەوتییەکاندا، ئەوان تەنیا داوای هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان دەکەن، کە مافی خۆیانە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لە درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە باشوری عێراق، خۆپیشاندەران رێگەی پێنج بەندەر و کێڵگەی نەوتییان لە باشوری عێراق داخستووە و رێگەشیان نەداوە کرێکارانی پاڵاوگەی کەربەلا بچنە سەر کارەکانیان.

هاوکات، خۆپیشاندەرانی بەسرە بەندەرى ئوم قەسریان لە باشورى وڵات داخستووە و ئەوەش، کاریگەرى لەسەر لە سەدا ٥٠ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى دروستکردووە.

بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٣٠٠ خۆپیشاندەر لە ئۆکتۆبەرى رابردووەوە کوژراون و زیاتر لە ١٥ ھەزار کەسیش برینداربوون، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێنەوە، ئەمە یەکەمین خۆپیشاندانی گەورەیە لە عێراقدا رووبدات.

H.B