سەردێڕ:

عەبادی داوا لە پەرلەمان دەکات ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ دوورخستنەوەی عەبدولمەهدی

فۆتۆ: 
2019-11-18

2459 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانى پیشووى عێراق داوادەکات، پەرلەمان ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی بەمەبەستی کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەکان و هەڵبژاردنی حكومەتێكی كاتی كە ئەندامەكانی كەسانی سەربەخۆبن.

لە ڕاگەیەندراوێکیدا حەیدەر عەبادی کە هاوکات سەركردەی هاوپەیمانی نەسرە، پێشنیازی كردووە كە حكومەتی كاتی دوور لە پشک پشکێنە، بۆ ماوەی شەش مانگ كاروباری وڵات بەڕێوەببات و لە میانیدا یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكرێتەوە.

عەبادی دەشڵێت، دەبێت هەمواركردنەوەكە، پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دوور لە حزبایەتی و دیاریكردنی سەرجەم قۆناغەكانی هەڵبژاردنەكان بەسەرپەرشتی نێودەوڵەتی بگرێتەوە.

داواشیکردووە حکومەتی کاتی هەڵبژێردراو، كۆتایی بهێنێت بە بوونی هێزی چەکدار لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەكاندا، چەکیش تەنها لە دەستی دەوڵەتدابێت و ئەوانەش ئاشکرابکرێن کە بەشداربوون لە کوشتنی خۆپیشاندەراندا.

عەبادی بە گرنگی دەزانێت سەرجەم پارتەكان هاوكاربن لە رزگاركردنی دەوڵەت لە سیستەمی پشكپشكێنە بۆ ئەوەی كەسانی لێهاتوو و شارەزا دامەزراوەكان بەڕێوەببەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، عەبادی داوایکردوە، بەرنامەیەكی تۆكمە بۆ باشكردنی رەوشی ئابووری و كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری لە عێراق دابندرێت و دۆسییەكانی گەندەڵیش بە یارمەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و شارەزایانی نێودەوڵەتی یەكلایی بكرێنەوە.