سەردێڕ:

سلێمانی.. خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە دژی زانکۆکەیان گردبوونەوە

خوێندکارانی ناڕازیی لە گردبوونەوەکەدا
فۆتۆ: NRT
2019-11-18

4020 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوای جێبەجێکردنی فەرمانی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەن.

ئەمڕۆ ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، بەشێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆ ئەھلییە، لە دەرەوەی زانکۆکەیان، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا، ناڕەزایەتییان بەرامبەر جێبەجێنەکردنی فەرمانی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ساڵانەیان نیشاندا.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، جێگری سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی لە وەڵامیدا بۆ خوێندکارە ناڕازییەکان باسی لەوە کردووە، زانکۆکەی ئەوان زانکۆیەکی قازانج نەویستە و ئەو کرێیەی لە خوێندکارانی وەردەگرن، تەنیا بەشی موچەی مامۆستاکانیان دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە واژۆی وەزیر و ڕێککەوتی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ی لەسەرە، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری پەیمانگە تایبەتەکان، بڕیاردراوە بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە ڕێژەی لە سەدا ٢٥ بۆ گشت قۆناغەکان لە خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا.



H.B