سەردێڕ:

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بە بەڵگە دەسەڵاتی ئێران لە عێراق ئاشکرادەکات

مانۆڕێکی سەربازیی لە ئێران، بە ئامادەیی حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-18

7671 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، لە بەدواداچوونێکیدا، باس لە دزەپێکردنی سەدان بەڵگەنامە دەکات، لەسەر دەستێوەردان و کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا بڵاویکردەوە، سەدان بەڵگەنامەی نھێنی دزەپێکراوی ھەواڵگریی لەسەر باڵادەستی ئێران لە سیستمی سیاسی عێراقدا و کێشمەکێشی نێوان سیخورەکانی خودی دەوڵەتی ئێران، کە لەلایەن ئەفسەرانی ھەواڵگری ئێرانەوە کە بە زۆری لە ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا نوسراون، بە دەست ئاژانسی The Intercept گەیشتووە و، بە ھاوبەشی لەگەڵ نیویۆرک تایمزدا بڵاویدەکەنەوە.

بە گشتی لە بەڵگەنامەکاندا، باس لە ڕۆڵی گەورە و کاریگەری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، کە بەرپرسی جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ئێرانە لە دەرەوەی وڵاتەکەیدا، دەکات. ھاوکات، ھەواڵگری ئێران لەڕێی پێدانی پارەوە، دوای کشانەوەی یەکجاری ھێزەکانی ئەمریکا و دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا( سی ئای ئەی) لە ساڵی ٢٠١١ لە عێراق، دەیان سیخوڕی عێراقی، کە پێشتر کاریان بۆ سی ئای ئەی کردبوو، لە ھەموو سێکتەرەکانی عێراقدا، بە کرێ گرتووە. کاری ئەو سیخوڕانەش، پێدانی بەرتیل و دیاری بووە بە بەرپرسانی عێراق تا ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی بھێنن.

لە بەڵگەنامەکاندا ھاتووە، لەسەروبەندی شەڕی داعشدا، کوردەکانی عێراق لەبەرامبەر وەرگرتنی چەک لە سوپای قودسی ئێران، نەوتیان ڕادەستکردوون. ھاوکات، بەرتیل بە ئەفسەرانی دەزگای ھەواڵگری عێراق، بۆ پێدانی زانیاری، دراوە. لەناویشیاندا باس لە فەرماندەیەکی کوردی ناو ھەواڵگری عێراقی دەکات کە لەبەرامبەر تەنیا ٨٧.٥ یۆرۆدا، زانیاریی بە سیخوڕەکانی ئێران داوە.

 لە یەکێک لە بەڵگەنامەکانی دیکەدا کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە، ئەفسەرانی ھەواڵگریی ئێران لە باسی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقدا، بۆ ئۆفیسی سەرەکییان لە تاران نوسیویانە عەبدولمەھدی "پەیوەندی تایبەت"ی لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا ھەیە و حەیدەر عەبادیش پیاوی ئینگلیز و کاندیدی ئەمریکایە.

 لە شوێنێکی دیکەدا باس لە نوێنەری فەرماندەیەکی ھەواڵگری لە وەزارەتی بەرگری عێراق، بە ناوی حاتەم مەکسوسی، دەکات کە لە زاری ئەو فەرماندەیەوە بە ئێرانییەکانی وتووە، "ئێمە لە خزمەتتانداین، ھەرچیتان بوێت بۆتان دەکەین. ئێمە شیعەین و یەک دوژمنی ھاوبەشمان ھەیە. وابزانن ھەموو ھێزەکانی ھەواڵگریی عێراق ھی خۆتانە".

 ئەمەش لە کاتێکدایە، بەھۆی خراپی دۆخی وڵاتەوە، لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە لە عێراق و چوار ڕۆژیشە لە ئێران خۆپیشاندانە و، بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی لەم جۆرە لەلایەن میدیا ئەمریکییەکانەوە، ڕەنگە شەڕی ڕاگەیاندن لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران و دەسەڵاتدارانی عێراقی نزیک لە ئێران، بێت.


H.B