سەردێڕ:

عێراق.. خۆپیشاندەران بەندەرى ئوم قەسریان داخستووە

فۆتۆ: 
2019-11-18

1133 جار خوێندراوەتەوە

خۆیشاندانی بەشێکی هاوڵاتیانی عێراق بەردەوامە و خۆپیشاندەران بەندەرى ئوم قەسریان لە باشورى وڵات داخستووە وکاریگەرى لەسەر لە سەدا ٥٠ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى دروستکردووە.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، شەوى رابدروو لەبەغدا خۆپیشاندەران توانیویانە بچنەسەر پردی ئەحرار کە سێهەم پردە دەچێتە ناوچەی سەوز و سێ بەربەستی سەر پردەکە ببڕن.

ئاماژەش بەوە دراوە هێزە ئەمنییەکان گازى فرمێسکڕێژ و بۆمبى دەنگیان بەکارهێناوە بۆ ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی خۆپیشاندەران بەرەو ناوچەی سەوز.

سەرچاوە ئەمنیی و پزیشکیەکان رایانگەیاندووە، بە هۆى گرژى نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان لە سەر پردى ئەحرار خۆپیشاندەرێک کوژراوە و ٣٠ خۆپیشاندەری تر برینداربوون.

هاوکات بەپێی چەند سەرچاوەیەک لە پارێزگای زیقاریش بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنیەکانەوە چوار خۆپیشاندەر برینداربوون.

ئەمڕۆ لە درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە باشوری عێراق خۆپیشاندەران رێگەی پێنج بەندەر و کێڵگەی نەوتیان لە باشوری عێراق داخستووە و رێگەشیان نەداوە کرێکارانی پاڵاوگەی کەربەلا بچنە سەر کارەکانیان.

بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٣٠٠ خۆپیشاندەر لە ئۆکتۆبەرى رابردووەوە کوژراون و زیاتر لە ١٥ ھەزار کەسیش برینداربوون، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێنەوە ئەمە یەکەمین خۆپیشاندانی گەورەیە لە عێراقدا رووبدات.