سەردێڕ:

ئێران.. بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە لە چەندین پارێزگا دەوامی قوتابخانەکان راگیراوە

پەرلەمانتارێکى کورد دەستیلەکارکێشاوەتەوە
فۆتۆ: 
2019-11-18

2536 جار خوێندراوەتەوە

ناڕەزایەتی هاوڵاتیيانی ئێرانی لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەردەوامە و لە پارێزگاکانی ئەلبورز، ئەسفەهان، شیراز و خوزستان دەوامی قوتابخانەکان راگیراوە.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە شەوی یەکشەممە خۆپیشاندان لە بەشێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە.

بە پێی زانیاریەکان لە شارەکانی جوانڕۆ، مەریوان و بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان توندوتیژی هاتوەتە ئاراوە و ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژراون.

هاوکات بەهۆى فراوانى خۆپیشاندانەکانەوە محەمەد قەسیم عوسمانى کە نوێنەرى شارى بۆکانە لە پەرلەمانتارى ئێران دەستیلەکارکێشاوەتەوە.  

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردوەتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت هێزە ئەمنیەکان لەسەر بانی بینای دادگای جوانڕۆوە راستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.

سەبارەت ئاماری کوژراونی خۆپیشاندانەکان جیاوازیەکی زۆر لە نێوان ئاماری فەرمی حکومەت و ئاماری چالاکواناندا دەبینرێت.

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی حکومەت تەنها باس لە کوژرانی سێ خۆپیشاندەر لە شارەکانی سیرجان، ئیسلامشەهر و شەهریار دەکەن، بەڵام چالاکوانان ئاماژەیان بەوەکردووە لانی کەم ٣٩ کەس کوژراون، لەو ژمارەش ٢٢ کەسیان کوردن.

هاوکات بە پێی راپۆرتێکی ئاژانسی فارسی نزیک لە سوپای پاسداران لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەدا زیانە گیانیەکان زیاترن لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٧، کە تیایاندا ٢٥ کەس کوژرابوون.

لەرۆژی هەینیەوە لە دژی گرانبوونی نرخی بەنزین خۆپیشاندان زۆربەی ناوچەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتوەتەوە.

‌بەپەلە