سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی لەسەر قسەکانی پۆمپیۆ بڵاوکردەوە

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-17

9514 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی لەسەر قسەکانی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بڵاوکردەوە.

عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی قسەکانی پۆمپیۆی کرد و بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەی تۆمەتباری کرد.

هاوکات ئەوەش هاتووە، "ئێمە ئیدانەی ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەین، کە تێیدا پشتگیری خۆی بۆ کۆمەڵێک خەڵکی گێرەشێوێن، کە خەریکی ئاژاوەنانەوەن لە شارەکانی ئێراندا، دەردەبڕێت".

ئاماژە بەوەش کراوە، "ئێمە ئەوە وەکو دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران دەبینین".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران بە دروشمی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵتاندایە" دەربڕیبوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێوارەی هەینی ڕابردوەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەستیپێکردووە و، بەپێی سەرچاوەکانیش تا ئێستا نزیکەی ٣٠ هاوڵاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و ١٤٧ی دیکەش برینداربوون.