سەردێڕ:

بەردەڕەش.. سێ ئەندامی یەک خێزان لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیانلەدەستدا

وێنەیەک لە ڕووداوەکان
فۆتۆ: NRT
2019-11-17

29131 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو لە دوو ڕووداوی هاتوچۆدا، لە سنوری قەزای بەردەڕەش ٤ هاوڵاتی گیانیانلەدەستداوە و ٦ی دیکەش برینداربوون.

حازم محەمەد، وتەبێژی هاتوچۆی قەزای بەردەڕەش، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تیی ڕاگەیاند، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە سنوری قەزای بەردەڕەش و نزیک لە گوندی دیناران، ٣ ئەندامی خێزانێک کە دانیشتوی شاری ئاکرێن، گیانیان لەدەستدا و ٣ کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوبراو، ڕاشیگەیاند، لە ڕووداوێکی دیکەی هاتوچۆدا و هەر لە سنوری  قەزای بەردەڕەش، یەک هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و ٣ دیکەش برینداربوون، بەوەش لە ئەمڕۆدا، ١٠ هاوڵاتی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە بوونەتە قوربانی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، مردن بە هۆکاری ڕووداوی هاتوچۆ یەک لە هەرە سەرەکیترین هۆکارەکانی مردنە لە هەرێمی کوردستاندا و ئەمڕۆش، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ساڵی پار ٦٥٥ حاڵەتی مردن و، چوار ھەزار و ٨٤٤ حاڵەتی برینداربوون ھەبووە، بەڵام ئەمساڵ هەتا ٣٠ ئەیلول ٤٢٧ حاڵەتى مردن و پێنج هەزار و ٢ حاڵەتى برینداربوون هەبووە.