سەردێڕ:

دیارترین نیشانەکانی تووشبوون بە جەڵتەی بێدەنگی دڵ چین؟

فۆتۆ: 
2019-11-17

9743 جار خوێندراوەتەوە

جەڵتەی بێدەنگی دڵ کاتێك تووشی کەسێك دەبێت هیچ نیشانەیەکی ئاشکرای نییە، ئەمەش وادەکات مەترسیی لەسەر ژیانی کەسەکە دروست ببێت.

سەنتەری پزیشکی "CardioSecur" لە رێگەی ماڵپەڕی تایبەتییەوە لە ئینتەرنێت ئاشکرایکردووە، بەهۆی ئەوەی جەڵتەی دڵ کاریگەریی لەسەر سووڕی خوێن دەبێت، بەشێك لە ماسولکەی دڵ دەمرێت، جەڵتەی بێدەنگی دڵ لە ژنان و پیاواندا باوە، بەڵام لە ژناندا بە ڕاددەیەکی زیاتر کوشندەیە.

نیشانەکانی جەڵتەی بێدەنگی دڵ هەموو جارێك بە هەمان شێوە دەرناکەوێت، بەڵام بە گشتی ماندوێتی و نائارامی و خاویی جوڵە و قورسی هەناسەدان دەگرێتەوە.

سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەکرێت هەستی سەرگێژخواردن و لاوازی لەگەڵدا بێت، کە لەناکاو ئەو هەستە زیاد دەکات و لەناکاو نامێنێت، هەریەك لەم نیشانانە ئاماژەن بۆ تووشبوون بە جەڵتەی بێدەنگی دڵ.

لەوبارەیەوە دکتۆر جۆرج بلۆتزکی لە نەخۆشخانەی بریگهامی ژنان سەربە زانکۆی هارڤارد وتوویەتی، "دەکرێت خەڵك هەست بە ماندوێتی و بێزاری جەستەیی بکەن و نەتوانن کاری زیادە بکات، یاخود کەمخەوی و هەندێك ئازاری لەگەڵدا دەبێت. هەروەها دەکرێت ئەم نیشانانە لەگەڵ ئازاری قوڕگ یان سنگدا تێکەڵ بکرێن و رەنگە لەگەڵیدا هەست بە دڵەکزە بکرێت، هەروەها جەڵتەی بێدەنگی دڵ زۆرکات دەبێتە هۆی دروستبوونی برین و زیانگەیاندن بە دڵ، رەنگە مەترسیی دووبارە تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاتر بکات."

بۆیە لەکاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەدا دەبێت نەخۆشەکە بە نزیکترین کات سەردانی پزیشك بکات و چارەسەر وەربگرێت بۆئەوەی رێگە لە مردنی ماسولکەکانی دڵ بگیرێت.