سەردێڕ:

سەدر داواى مانگرتنى سەرتاسەریى دەکات

دۆخى عێراق
فۆتۆ: 
2019-11-16

3584 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر، داوا دەکات سبەینێ یەکشەممە، لە تەواوى پارێزگاکانى عێراقدا هاوڵاتییان مانبگرن و نەچنەسەر کارەکانیان.

ئەمڕۆ شەممە، ساڵح موحەممەد عێراقى، نزیک لە موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، ڕێبەرى ڕەوتى سەدر داوایکردووە جگە لە کەرتى تەندروستیى سەرجەم عێراقییەکان لە سەرتاسەرى عێراق مانبگرن و نەچنەسەر کارەکانیان.

عیراقى، لەسەر هەژمارى تایبەتى خۆى نوسیویەتى، ''مانگرتنەکە ئارەزوومەندایەو، ئەگەر هەلەکەمان لەدەست بچێت، وڵاتمان لەدەست دەچێت."

عێراقى لەنوسینەکەیدا دەشڵێت، ''هەردەبێ گەندەڵى کۆتایى بێت و گەندەڵکاران بڕۆخێن."

موقتەدا سەدر کوڕى موحوممەد موحەممەد سادق سەدرە و لەسەردەمى ڕژێمى پێشووى عێراقدا باوکى کە مەرجەعى باڵاى شیعەکان بوو تیرۆرکرا، لەدواى ساڵى ٢٠٠٣ وە موقتەدا سەدر جێگەى باوکى گرتەوە و زۆرێک لە شیعەکانى عێراق هەڵوێست و وتەکانى بە هەند وەردەگرن و ڕۆڵى دیاریشى لە کایە سیاسیەکانى عێراقدا هەیە.