سەردێڕ:

سلێمانی.. دواى شەش ساڵ تەنها بەردی بناغەی شەقامى سەد مەتری دانراوە

فۆتۆ: 
2019-11-16

7972 جار خوێندراوەتەوە

شەقامی شەست مەتری شاری سلێمانی، لەساڵى ٢٠١١ەوە، دەست بەدیزاین و ئامادەکارییەکانی کراوە و شەش ساڵیشە بەردى بناغەى دانراوە، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەکە دەستیپێنەکراوە.

ئەم شەقامە پاش وەرگرتنەوەی لە دوو کۆمپانیای بیانی، ئێستا دراوەتە کۆمپانیایەکى ناوخۆى، هەر لەساڵى ٢٠١١ەشەوە فەرمانگەیەکی حکومی بۆ دروستکردنى دامەزراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لەمساڵدا ٥٠ ملیار دینار بۆ دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە دانرا، لەو بارەیەوە ئازاد ڕەسوڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی سەد ماتری شاری سلێمانی دەڵێت "بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی باران بارینەوە ناتوانن دەست بەپرۆژەکە بکەن".

هاوکات جێبەجێکردنی پرۆژەکە چوار پارێزگاری لە سلێمانی تێپەڕاندووە و تەواونەبووە، لە دواین هەنگاویشدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، لە ماوەی ١٠ رۆژدا پێشنیازەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە  پێشکەشی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتی حکومەت بکات، هەتا بەزووترین کات بڕیاری لێ بدرێت، بەڵام ئەوە شەش مانگ تێپەڕیوە و هیچ شتێکی نوێ نییە لەو بارەیەوە.

سەرەڕای ئەوەی کارکردن لە شەقامی سەد مەتری دەستیپێنەکردووە، ئەنجومەنى وەزیران بە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى وتووە پرۆژەکە جوانکارى زۆرى بۆ کراوە پێویستە لاببرێن پاشان بڕیارى دەستبەکاربوونى دەدرێت.

پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، 146 كیلۆمەتر درێژە، بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، لە پردی تاسڵوجەوە دەستپێدەکات و لای دەمركانەوە شەقامی سلێمانی - عەربەت دەبڕێت، پاشان بەرەو گۆیژە و بە تونێلێك دەپەڕێتەوە بۆلای تونێلی پێشڕەو و هەواری شار، دواتر لە كەڵەوانانەوە بۆ سەر شەقامی دوكان – سلێمانی کۆتایی دێت.