سەردێڕ:

ئێران.. بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین هاوڵاتییانى هێناوەتە سەر شەقام

داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت کراوە
فۆتۆ: 
2019-11-15

7045 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی نرخی بەنزین لە ئێران بۆ سێ هێندە بەرزبووەوە لە بەشێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

بەپێی میدیاکانی ئێران، خۆپیشاندانەکان پارێزگاکانی تاران و ئەهواز و خوزستان، کرمان و خوراسانی و چەند ناوچەیەکی تری گرتوەتەوە و خۆپیشاندەران داوا دەکەن حکومەت لەو هەنگاوەی پاشگەز ببێتەوە و لە هەندێک ناوچەش داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت کراوە.

بەپێی بڕیارەکەی حکومەتی ئێران شۆفێران لە مانگێکدا دەتوانن ٦٠ لیتر بەنزین بە نرخی حکومەتی وەربگرن کە هەزار و ٥٠٠ تمەنی لەسەر دانراوە و نرخی ئازادەکەشی سێ هەزار تمەنە بۆ هەر لیترێک، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر نرخێک بەنزین بە هەزار تمەن بوو.

لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکان، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە، ئەو داهاتە زیادەیەی لە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دەست حکومەت دەکەوێت بەسەر هاوڵاتیانی کەمدەرامەتدا دابەش دەکرێتەوە.

بە گوێرەی پڕۆژەیەکی حکومەتی ئێران هاوڵاتیان هەژار و کەمدەرامەت بە پێی ژمارەی خێزان مانگانە لە ٥٥ هەزار تمەنەوە بۆ ٢٠٥ هەزار تمەنیان پێدەدرێت.

ئ.ر