سەردێڕ:

بەشار ئەسەد: دەستوور پیرۆز نییە و دەکرێت بگۆڕدرێت

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریای ئەسەد
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-11-15

3963 جار خوێندراوەتەوە

بەشار ئەسەد کە زۆرێک لە وڵاتان بە سەرۆکی سوریای نازانن، باس لە ئەگەری دەستکاریکردنی دەستوور دەکات و بە پیرۆزی نازانێت.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تیی ڕووسی، بەشار ئەسەد کە زۆرێک لە وڵاتان بە ناوچەی دەسەڵاتی دەڵین سوریای ئەسەد، لەسەر بارودۆخی وڵاتەکەی قسەی کرد و وتوویەتی، "دەستووری سوریا پیرۆز نییە، لە کوێدا پێویستبوو دەکرێت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت".

ئەوەشی وت، دیمەشق بە ئەرێنی سەیری ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ڕووسیا دەکات، چونکە بە ئاراستەی کشانەوەی تورکیا لە سوریایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تەنیا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەکە بە ناوی ئەمریکا، چونکە لە ڕاستیدا خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ئەمریکا کۆمپانیاکانی بواری نەوت و چەکن لەگەڵ بانکەکان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئەوان بە ناچاری لەگەڵ حکومەتی سوریای بەشار ئەسەددا ڕێککەوتنێکی سەربازییان کردووە، نەک سیاسی، تا ڕێگە لە داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بگرن.