سەردێڕ:

چوار دادوەری گەرمیان: بەھۆی ھەڵوێستمانەوە سزادراین و گواستراینەوە

گرافیکی هەواڵی NRT
فۆتۆ: NRT
2019-11-15

4486 جار خوێندراوەتەوە

چوار لەو دادوەرانەی لە گەرمیان مانیانگرتبوو ڕایانگەیاند، لەسەر هەڵوێستەکانیان سزادراون و ڕاژەکەیان گواستراوەتەوە بۆ چەند شارێکی هەرێم.

ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ھەریەک لە دادوەران (حەبیب حەمید و سیروان خدر) و داواکارانی گشتی (نزار حەسەن و بورھان ئەحمەد) ڕایانگەیاند، ئەوان سزادراون و بۆ شوێنێکی دیکە گواستراونەتەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەیان:

 

بەناوی خوای گەورەو میھرەبان

ھەمووکەس و لایەک ئاگادارە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا، چەند دادوەر و داواکارێکی گشتی مانمانگرتبوو نەک لەبەر مووچە و ئیمتیازات، بەڵکو لەپێناو جێبەجێکردنی یاسا و پرۆسەی چاکسازی، ئەوەندەی لەتوانا و ئیرادەماندا بوو درێغیمان نەکرد، وە ئومێد دەکەین ئەنجوومەنی دادوەری زوو یان درەنگ لە نیازپاکیمان بگات، وە ئێمە مەبەستمان تەنھا چاکسازی بوو لەو بوارەی کاری تێدا دەکەین، وەکو خەڵکی تر بێ دەنگ نەبووین، کە دەبوو سوپاسکراباین نەک وەرگرتنی سزا کە بە شانازی دەزانیین، چونکە چاکسازی باجیشی دەوێ.

ئێمە نازانین بە چ زمانێک سوپاسگوزاری خەڵکی گەرمیان بین بۆ پەرۆشیان وە  بۆ ھاودەنگی و خەمخۆریان لەو چەندڕۆژەی کەمانمانگرتبوو زمانمان لاڵە لە ئاستی دڵسۆزیتان وەدڵخۆشین بەوەی کە خزم و کەس و دۆستی وەکو ئێوەمان ھەیە، وە ئێمە تەنھا شتێک خەمباری کردبین ئەوەیە کە نەمانتوانی وەکو پێویست خەون و خواستەکانی ئێوە لە چاکسازی بەدی بێنین. ئێمە ئێستا دوای چەندین ساڵی خزمەت گوازراوینەتەوە بۆ شارەکانی ھەولێر و سلیمانی و ڕانیە وەسزای ترمان وەرگرتووە لە دابەزاندنی پلەوپۆستەکانمان، داواکارین لە لیژنەی پەرلەمان لیکۆڵینەوەی ورد و جدی بکات لەڕەوشی دادوەری گەرمیان و داواکاری ئێمە لە چاکسازی بھێنێتە دی و ڕاستیەکان ئاشکرابکرێن. ئێمە ھەردوو داواکاری گشتی سوپاسی بەڕێزان وەزیری داد و سەرۆکی داواکاری گشتی دەکەین بۆ ھاوکاری و ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەری گرفتەکان وەھەموومان سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان دەکەین، ھەوڵ و کۆشش و ئامادەبوونیان بەرزدەنرخێنین.

وە بۆ میدیاکاران وکەناڵەکانی ڕاگەیاندن کەدەنگی ئێمەیان بەجوانی گەیاند، وەبۆ سەرجەم سەندیکاو چین و توێژەکان وە ماڵئاوایی لە خەڵکی گەرمیانی بەش مەینەت دەکەین کە جێیان دەھێڵین، بەڵام پەیمان لەگەڵ خواو خەڵکی دووپات دەکەینەوە کە ھەمیشە سەربازی حەق بین وە ئەمانەت پارێزی یاسابین. بمێنن بە خۆشی.