سەردێڕ:

پیلۆسی: ترەمپ دانیناوە بە پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانى ئۆکرانیا

فۆتۆ: 
2019-11-15

4767 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دانیناوە بەوەی لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بەرتیلی داوە.

نانسی پیلۆسی کە سەر بە پاری دیموکراتەکانە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند. "پێدان یان ڕاگرتنی هاوکاری سەربازی لە بەرامبەر ڕاگەیەندراوێک دەربارەی لێکۆڵینەوەیەکی ساختەی هەڵبژاردنەکان، بەرتیلە".

هەروەها وتیشی، "سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە و بە شتێکی ناوازە وەسفی دەکات، بەڵام من دەڵێم زۆر بە ناوازەیی هەڵەی کردووە و بەرتیلی داوە".

ئەم وتانەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دوای یەک ڕۆژ دێت لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران کە بۆ لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ ئەنجام درا، دیموکراتەکان ترەمپ تۆمەتباردەکەن بە بەکارهێنانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆی، ئەوەش دوای ئەوەی ئاشکرابوو، سەرۆکی ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ وڵاتی ئۆکرانیا ڕاگرتووە کە بڕی ٣٩١ ملیۆن دۆلارە، بۆ ئەوەی فشاربخاتە سەر ئۆکرانیا تا لێکۆڵینەوە بکەن لە ئەگەری پێشێلکردنی یاسا لەلایەن هەنتەر بایدن، کوڕی جۆو بایدن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی پێشبینییەکان، جۆو بایدن دەبێتە رکابەری سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠دا.