سەردێڕ:

نێردەی ئەمریکا ھۆشداری لەبارەی پاکتاوی نەژادی کوردانی رۆژئاوا دەدات

فۆتۆ: 
2019-11-15

7400 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، چەندین جارە ھۆشداری دەدات لە ئەگەری پاکتاوی نەژادی لە باکوری سوریا، ئەم نیگەرانیەشی گەیاندووەتە ئەنقەرە.
جەیمس جێفری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، "داوا لە ھەموو لایەنەکانی باکوری رۆژھەڵاتی سوریا دەکەین خۆیان لە ھەر کارێک بەدووربگرن کە ببێتە ھۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە".
ھەروەھا وتیشی، ئەو ئاوارانە دەگەڕێننەوە بۆ باکوری سوریا کە خەڵکی ئەو ناوچەیەن و، گەڕاندنەوەی ئاوارەکانیش لە چوارچێوەی یاساکانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێت، بەوتەی جێفری، ئاوارەکان خۆبەخشانە و بە سەلامەتی دەگەڕێندرێنەوە سەر ماڵ وحاڵی خۆیان.
جێفری لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا باسی لەوەشکرد، ئەمریکا پلانی نیە ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیا بکات سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە تورکیاوە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەھۆی ھێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا سەدان ھەزار کەس ئاوارەبوون و تورکیاش دەیەوێت ئاوارەکانی سوریا بگەڕێنێتەوە و لە "ناوچەی ئارام" جێگیریان بکات کە بەشێکی زۆر لەو ئاوارانە خەڵکی شارەکانی ئیدلیب و حەلەبن و بەڕەچەڵەک عەرەبن.