سەردێڕ:

نوێنەری عەلی سیستانی: هیچ داواکارییەکی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکراوە

فۆتۆ: 
2019-11-15

1968 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری عەلی سیستانی ڕایگەیاند، هیچ داواکارییەکی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکراوە و ئەوان شەڕ دەکەن بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی.

ئەمڕۆ  لە وتاری هەینیدا لە نەجەف نوێنەری عەلی سیستانی ڕایگەیاند، پێویستە یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دابنرێت و دەبێت گۆرانکاریی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بکرێت بە شێوەیەک بە تەواوی بێلایەنی تێیدا پارێزراوبێت.

ئەوەشی وت، نابێت خۆپیشاندەران زیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بگەیەنن و دەبێت بە شێوەیەکی مەدەنییانە خۆپیشاندان بکەن و هەر کەس و لایەنێک تێوەگلابێت لە سوتان و تێکدانی موڵکی گشتى دامودەزگاکان دەبێـت دادگایی بکرێت و ئەو کارەش لە ڕووی شەرعییەوە حەرامە.

وەک ئاماژەیەکیش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، ئەو نوێنەرە ڕایگەیاند، پێویستە بۆ هەڵبژاردن متمانە لای هاوڵاتیان دروستبکرێتەوە و دەبێت لەڕێگەى هەڵبژاردنێکى پاکی نهێنی گشتى دووبارە نەخشەى سیاسی عێراق دابڕێژرێتەوە و کێشەکانی وڵات چارەسەر بکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیچ لایەنێکى دەرەکی مافی ئەوەى نییە دەست لە کاروباری عێراق وەربدات و دەبێت گەلی عێراق بڕیارەکان بدات.

ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەکانی تری باشور بەردەوامە و سەدان خۆپیشاندەر کوژران و هەزارانیش برینداربوون و خۆپیشاندانەکانیش بەردەوامن و ئەمڕۆ هەینی لە بەغدا ناونراوە هەینی خۆڕاگری و داوا گۆڕانکاری ڕیشەى و چاکسازی دەکەن.