سەردێڕ:

​لینزی گراهام باس لە وتووێژ و مشتومڕی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان دەکات

فۆتۆ: 
2019-11-15

13988 جار خوێندراوەتەوە

لینزی گراهام سیناتۆری ئەمریکی ڕایگەیاند، لە کۆشکی سپی ئەردۆغان ڤیدیۆیەکی مێژوویی هێرشی پەکەکەی نیشانداون، ئەویش لە وەڵامدا بە ئەردۆغانی وتووە، دەتەوێت ئێمەش ڤیدیۆی هێرشەکانی وڵاتەکەت بۆ سەر باکوری سوریا نیشان بدەین.

ئەو سیناتۆرەی ئەمریکا وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا وەڵامی وتەیەکی ئەردۆغانی داوەتەوە کە وتبووی "تورکیا قوربانیداوە بۆ جەنگی دژی داعش"، و ڕایگەیاندووە لە ڕاستیدا ئەوە کورد و یەپەگەبوون کە لە جەنگی دژی داعشدا قوربانییانداوە و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیان کوژراوە.

لە بەرامبەریشدا ئەردۆغان ڕەخنەی توندی لە گراهام گرتووە کە وشەی "داگیرکردنی" بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەکارهێناوە.

لیندزی گراهام رایگەیاندووە، ئەوان ناوچەیەکی ئارامیان دەوێت له‌ سوریا، بەڵام نایانەوێت تورکیا و روسیا و ئەسەد بەڕێوەی ببه‌ن.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەبێت، بەڵام هەرگیز رێگە نادەن سیستەمی ئێس ٤٠٠ بچێتە سەر هێڵ، چونکە دژی بەرژەوەندی ئەمریکا و فڕۆکەی ئێف ٣٥ە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەوبارەیەوە ئاشکرایکردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا دۆناڵد ترەمپ تەنها تەماشاکار بووە و بۆچوونی خۆی نەخستووەتەڕوو، جاروباریش ڕۆڵی "پۆلیسی هاتووچۆ"ی بینیوە لە ڕێگەدان بە قسەکردنی سیناتۆرەکانی وڵاتەکەیدا.

لە کۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەوە و ڕایانگەیاند کە گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان کردووە لەسەر دۆخی باکوری سوریا و پەیوەندییە سیاسیی و ئابورییەکانی نێوانیان، چەند سیناتۆرێکی ئەمریکیش بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەدا.