سەردێڕ:

دیلە داعشەکان ناکۆکیان لە ناو هاوپەیمانی دژى داعشدا دروستکردووە ​

 نزیکەى ١٠ هەزار  دیلی داعش هەیە
فۆتۆ: 
2019-11-15

1693 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕاى فشارەکانى ئەمریکا بۆسەر وڵاتانى هاوپەیمانى دژى داعش بۆ وەرگرتنەوەى چەکدارە بیانییەکانى سەربەو ڕێکخراوە، هێشتا وڵاتانى نێو ئەو هاپەیمانییە ناکۆکن سەبارەت بە وەرگرتنەوەى ئەوهاوڵاتییانەى خۆیان کە لە ڕیزەکانى داعشدا بوون.

پاش کوشتنى ئەبوبەکر بەغدادى کەسى یەکەمى ڕێکخراوى داعش و، کۆنتڕۆڵکردنەوەى سەرجەم شوێنەکانى ژێردەستى ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سوریا، وڵاتانى ئەندام لە هاوپەیمانى دژى داعش لەسەر ئاستى وەزیرانى دەرەوە لە واشنتۆن کۆبوونەوە.

ئەوەى ئێستا جێگەى مەترسییە بۆ وڵاتانى جیهان و ناوچەکە، ئەو هەزاران چەکدارە دەستگیرکراوەى داعشە کە زیاتر لە ١٠ هەزار ئەندامى ئەو ڕێکخراوە لە باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا دەستگیرکراون و، زۆربەیان هاوڵاتى بیانین کە وڵاتەکانیان ئامادە نین وەرییانبگرنەوە، کۆبوونەوەى وەزیرانى دەرەوەى هاوپەیمانى دژى داعش بۆ چارەسەرکردنى کێشەى دەستگیرکراوانى داعش لە واشنتۆن بەڕێوەچوو.

 ئاژانسەکانى هەواڵیش باس لەوە دەکەن، ئەو وڵاتانە ناکۆکن لەبارەى وەرگرتنەوەى داعشەکان و هێشتا ڕەزامەندییان نەداوە بە وەرگرتنەوەى هاوڵاتیانى خۆیان کە پێشتر لەڕیزەکانى داعش شەڕییان کردووە.

نایسان سیلز ڕێکخەرى کاروبارەکانى ئەمریکا بۆنەهێشتنى تیرۆر ڕایگەیاندووە، نابێت هیچ وڵاتێک پێى وابێت ئەمریکا لەبرى هەموو جیهان کێشەى دەستگیرکراوانى داعش چارەسەر دەکات، بەڵکو چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە بەرپرسیارییەتیی هەموولایەکە و بەتایبەت وڵاتانى هاوپەیمانى دژى داعش.

 سیلزهۆشداریشى داوەتە ئەوروپا لە مەترسى هەڵهاتنى ئەو دەستگیرکراوانە لە سوریا و،  وتوییەتى: ڕەوشى سوریا سەقامگیرنییە و بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە بۆیە مەترسى هەڵهاتنى چەکدارە داعشەکان هەیە.

ئەمریکا سورە لەسەر گەڕانەوەى چەکدارانى داعش بۆ وڵاتەکانى خۆیان و دادگایکردنیان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە، ئەوروپاش ڕەتیدەکاتەوە ئەو چەکدارە داعشانە بگەڕێنەوە خاکى ئەوروپا.