سەردێڕ:

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراق یاسای خانه‌نشینی هه‌موارده‌كاته‌وه‌

فۆتۆ: 
2019-11-14

14561 جار خوێندراوەتەوە

 په‌رله‌مانتارێک ڕایگەیاند، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراق یاسای خانه‌نشینی هه‌موارده‌كاته‌وه‌ و كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی بۆ ٥٠٠ هه‌زار دینار به‌رزده‌كاته‌وه‌.

موسەنا ئەمین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراق بەدیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕتى ڕایگه‌یاند، "هه‌موار یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو گه‌یشتووه‌ته‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تیش بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر یاساكه‌ ده‌ربڕیوه، به‌ پێی هه‌مواری یاساكه‌ش كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی ٥٠٠ تا ٦٠٠هه‌زار دینار دەبێت."

ڕاشیگەیاند، ساڵی خانه‌نشینی له‌ ٦٣ ساڵه‌وه‌ بۆ ٦٠ ساڵ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكیش ٣٠ ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت ده‌توانێت داوای خانه‌نشیبون بكات.

ئاماژەى بەوەشکرد، هەموارى یاساى خانه‌نشینی لەعێراق لەبەر دووهۆکارە، یەکەم، بەرزکردنەوەى موچه‌ی خانه‌نشینی مەدەنییە وهۆکارى دووەمیش بۆخانه‌نشینکردنى کارمەندانى حکومەتە تا کەسانى دیکە لەجێگەیان دابمەزرێندرێت.

ئەوەشى خستەڕوو، لەسەروبەندى هەموارى یاساى خانه‌نشینی لەعێراقدا ئەوا موچه‌ی پلە تایبەتەکان بەڕێژەى لەسەدا هەشتاى موچەکانیان خانەنشین دەبن لەگەڵ ئەژمارکردنى ساڵەکانى خزمەت بۆیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژى دووشەممە ١١ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراق بڕیاریدا لە بودجەى ساڵى داهاتوودا جێگەى دامەزراندنى ٢٣٩ هەزار کەس بکاتەوە و حکومەتیش پارەى بۆئەو مەبەستە تەرخانکرد.