سەردێڕ:

ئیسرائیل و فەلەستین ئاگربەستیان راگەیاند

بە نێوەندگیرى میسر
فۆتۆ: 
2019-11-14

2502 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسى فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنج شەممە هەردوو لایەنى ئیسرائیلى و فەلەستینى ئاگربەستیان راگەیاندووە.

ئاژانسەکە لە چەند سەرچاوەیەکى میسرەوە بڵاویکردۆتەوە، لە کاتژمێر پێنج و نیوى بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ ئاگربەستەکە چۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە و هەر دوو لایەنى بزوتنەوەى بەرگرى فەلەستینى (جیهاد) و ئیسرائیل بە نیوەندگیرى میسر گەیشتونەتە رێکەوتن بۆ راگرتنى شەڕ.

ئەوە لەکاتیکدایە شەوى رابردوو بەهۆى بۆردومانى کەرتى غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە شەش کەسى خێزانێک کوژراون کە سێ منداڵ و دوو ئافرەتى تێدایە.

وەزارەتى تەندروستى فەلەستین بڵاویکردەوە، شەوى رابردوو فرۆکەکانى ئیسرائیل ماڵێکیان لە ناوچەى دێربلح لە ناوەراستى غەزە بۆردومانکرد و بەهۆیەوە شەش ئەندامى خێزانێک کوژراون و ١٢ کەسى دیکەش برینداربوون.

بەپێى ئامارى وەزارەتى تەندروستیى فەڵەستین بەهۆى بۆردومانەکانى ئیسرائیلەوە لە ماوەى دوو رۆژى رابردوودا ژمارەى کوژراوەکان بۆ ٣٢ کەس بەرزبووەوە و زیاتر لە ٩٠ کەسیش برینداربوون کە ٣٠ کەسیان منداڵن و ١٣ کەسى دیکەشیان ئافرەتن.

پیشتر بزوتنەوەى بەرگرى فەلەستین بڵاویکردبۆوە کە ئامادەیە بۆ راگەیاندنى  ئاگربەست بەمەرجى کۆتایهێنان بە سیاسەتى تیرۆرکردن و کوشتنى خۆپیشاندەرانى ریورەسمى گەڕانەوەو هەروەها پابەندبوونى ئیسرائیل بە دواین رێکەوتنى نێوانیان کە پەیوەستە بە سوککردنى گەمارۆى سەر کەرتى غەزە.

لەلایەکى تریشەوە کەناڵى حەوتى ئیسرائیلى بڵاویکردووەتەوە، لەماوەى دوو رۆژى رابردوودا ٤١ ئیسرائیلى بە موشەکى فەڵەستینییەکان برینداربوون و ١٨ ئیسرائیلیى دیکەش بە خراپى ترساون و پێنج لەوانەش بارودۆخیان خراپە.