سەردێڕ:

غەززە.. بەهۆى بۆردومانەکانى ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٢٦ کەس کوژراون

فۆتۆ: 
2019-11-13

892 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەى کوژراوان لە کەرتى غەززەى فەڵەستین بەهۆى بۆردومانەکانى ئیسرائیلەوە بەرزبوەوە و، گەیشتە ٢٦ کوژراو و زیاتر لە ٧٠ کەسیش برینداربوون.

وەزارەتى تەندروستیى فەڵەستین هەواڵى بەرزبوونەوەى ژمارەى کوژراوەکانى بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند، بەهۆى بۆردومانەکانى ئیسرائیلەوە، کە لە بەرەبەیانى دوێنێ سێشەممەوە دەستیپێکردووە، ٢٦ کەس لە کەرتى غەززە کوژراون و زیاتر لە ٧٠ کەسى دیکەش برینداربوون.

لەلایەکى تریشەوە کەناڵى حەوتى ئیسرائیلى بڵاویکردووەتەوە، ٤١ ئیسرائیلى بە موشەکى فەڵەستینییەکان برینداربوون و ١٨ ئیسرائیلیى دیکەش بە خراپى ترساون و پێنج لەوانەش بارودۆخیان خراپە.

لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممەوە فڕۆکە شەڕکەرەکانى سوپاى ئیسرائیل، پێگەکانى ڕێکخراوى جیهادى ئیسلامى و بزوتنەوەى فەتح لە کەرتى غەززە بۆردوماندەکەن و، لە بەرامبەریشدا لە دوێنێ سێشەممەوە ٢٢٠ موشەک لە غەززەوە ئاراستەى ئیسرائیل کراون، بە دیاریکراوى هەردوو شارى نتیفۆن و عەسقەلانى ئیسرائیل.

هەر بەهۆى بۆردومانەکانەوە هاتوچۆى شەمەندەفەر لە نێوان هەندێک لە شارەکانى ئیسرائیلدا ڕاگیراوە و هۆشدارى دراوە لە کەمکردنەوەى هەر جموجوڵێکى هاوڵاتییان لە ئیسرائیل بە مەبەستى پاراستنى گیانیان.