سەردێڕ:

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە: ١٢ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دروستدەکەین

لە چوار ساڵى داهاتوودا
فۆتۆ: 
2019-11-13

5671 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، لە چوار ساڵى داهاتوودا ١٢ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون تەواودەبن و دابەشیدەکەن بەسەر کرێنشیناندا.

دانا عەبدولکەریم لەمیانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەى بەوە کرد، لە ئێستادا بەپێی پلانى چوار ساڵی داهاتوو، نۆ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لە جێبەجێکردندان و سێ هەزار یەکەى دیکەى نیشتەجێبوونیش دروستدەکەن، واتە تا چوار ساڵى دیکە  ١٢ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون ئامادە دەبێت.

وتیشی، یەکە نیشتەجێبوونەکان بەسەر کرێنشینان و کەسانى شایستەدا دابەشدەکرێن، هاوڵاتیی ئاسایی و ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنى زەوى و خانوو.

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە روونیشیکردەوە، هەر بەپێی پلانەکەیان، لە چوار ساڵى داهاتوودا کار لەسەر دروستکردنى هێڵى شەمەندەفەر دەکەن و دواى رەزامەندیى ئەنجومەنى وەزیران بە سێ قۆناغ کاری تێدا دەکەن، بەڵام پێناچێت تا دوو ساڵى دیکە حکومەت بتوانێت بە تەنیا پرۆژەکە جێبەجێ بکات، چونکە توانای دارایی لەو ئاستەدا نیە و پێویستى بە کەرتى تایبەت دەبێت.