سەردێڕ:

فراکسیۆنى سائیرون پرۆژەیاساى نوێى هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-11-13

1818 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنى سائیرون لە پەڕلەمانى عێراق، ئەوپرۆژە یاسا نوێیە ڕەتدەکاتەوە کە حکومەت بۆ پەرلەمانى ناردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ پاش تەواوبوونى دانیشتنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، پەرلەمانتارانى کوتلەى سائیرون لە کۆنفرانسێکى هەواڵیدا ڕایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان ئەو پرۆژەیاسا نوێیەى هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە کە حکومەت بۆ پەرلەمانى ناردووە، چونکە بە وتەى ئەوان ''ئەو پرۆژەیاسایە پێچەوانەى داخوازییەکانى گەلى عێراقە و لە بەدەستهێنانى کورسیى پەرلەماندا دادپەروەریى تێدا نییە''.

فراکسیۆنى سائیرون ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هێشتنەوەى سیستمى ''سانت لیگۆ'' بۆ دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمان و شێوازى بەشداریکردنى لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردندا، داخوازیى حزبەکانە نەک گەلى عێراق.

ئەندامانى سائیرون دەشڵێن، "ئەو یاسایە هەژموونى حزبیى پێوە دیارە و، لەلایەن فراکسیۆنەکەیانەوە ڕەتدەکرێتەوە".

دواى دەستپێکردنى خۆپیشاندانەکانى بەغدا و شارەکانى دیکەى عێراق، حکومەت و پەرلەمان بەڵێنى چاکسازییان بە خەڵکى داوە و لەو میانەیەشدا، سەرۆک کۆمار پێشنیازى هەموارکردنەوەى یاسایەکى نوێى بۆ هەڵبژاردنەکان کرد، دوابەدواى ئەوەش ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پرۆژەیاسایەکى نوێیان بۆ هەڵبژاردنەکان ڕەوانەى پەرلەمان کرد و، ئەمڕۆش لەلایەن ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانەوە پرۆژە یاساکە خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، فراکسیۆنى سائیرونیش ئەو یاسایە ڕەتدەکاتەوە، چونکە پێیوایە یاساکە لە بەرژەوەندیى حزبەکانە نەک گەلى عێراق.