سەردێڕ:

بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ لە گەرمیان ئازادكرا

فۆتۆ: 
2019-11-13

1545 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، گەرمیان، گەرمیان حەمەى پور

 دواى ئەوەى ئەمرۆ دادگای کەلار بڕیاری ڕاگرتنی ئازاد عوسمان، بەرێوەبەری رادیۆی دەنگی لە گەرمیان دا، کەمێک بەر لە ئێستا ناوبراو بە کەفالەت ئازادکرا.

 پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، ئازاد عوسمان لەلایەن دادگاوە بە کەفالەتى یەک ملیۆن دینار ئازادکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی راگەیەنراوێکى رادیۆی دەنگ لە گەرمیان کە ئەمڕۆ ١٣ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ بڵاویکردبووەوە، ئازاد عوسمان بەرێوەبەری رادیۆکە پێشتریش بە کەفالەت ئازاد کرابوو، بەڵام لەلایەن دادگاوە کەفالەتەکەی هەڵوەشێندرایەوە و بڕیاربوو لەزیندان بهیڵدرێتەوە تا رۆژی دووشەممە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەستگیرکردنەکە لەسەر سکاڵایەکى کۆن بووە کە تۆمارکراوە، بەڵام دەستگیرکردنى ئەو ڕۆژنامەنووسە بە تۆڵەکردنەوە لێکدەدەینەوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگ بە مادەی ٤۳۳ی یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە تۆمەت هەڵبەستن، زیندانیکراوە .

لەڕۆژانى پێشتریشدا، بە تۆمەتی جۆراوجۆر، چەند ڕۆژنامەنوسێک لەلایەن دادگاکانى هەرێمى کوردستانەوە بانگهێشتى کراون و بەشێکیان بەکەفالەت ئازاد کراون.