سەردێڕ:

قوباد تاڵەبانی: زیندان شوێنی ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگران نییە

''نووسین بەنووسین وەڵامدەدرێتەوە''
فۆتۆ: 
2019-11-13

4138 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، "زیندان شوێنی ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگران نییە و بەمنزیکانە کۆبوونەوەیەکی فراوان ڕێکدەخەم بۆ کۆتاییهێنان بەم جۆرە مامەڵەکردنە".

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پۆستێکیدا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "زیندان شوێنی ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگران نییە، نووسین بە نووسین وەڵام دەدرێتەوە".

وتووشیەتی، "ئەگەر رۆژنامەنووسێک هەڵەیەکی کرد و بێ بەڵگە کەسێک و لایەنێکی تۆمەتبارکرد، ئەوا یاسای کاری رۆژنامەگەریمان هەیە، دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک پەنا ببرێت بۆ دەستگیرکردن و هەڕەشە و توندوتیژی".

لەوبارەیەشەوە ڕایگەیاند، " لە ماوەی داھاتوودا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رۆژنامەنووسان ڕێکدەخەم، بۆئەوەی ڕێوشوێنێک بدۆزینەوە بۆ چۆنێتی کۆتاییهێنان بەم جۆرە مامەڵەکردنانە، کە دواھەمینیان دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس (ئازاد عوسمان)ە''.