سەردێڕ:

کورسی تایبەتی خوێندنی باڵا بۆ کەسوکاری شەهیدان تەرخاندەکرێت

فۆتۆ: 
2019-11-13

2493 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا بە تەرخانکردنی کورسیی تایبەت بە ماستەر و دکتۆرا بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

لە پۆستێکی ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، باس لەوە کراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەندا، بڕیاریدا بە تەرخانکردنی کورسیی تایبەت بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بۆ کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان و ئەنفالکراوان.

باسی لەوەش کردووە، "لە بەرامبەر خەبات و قوربانیدانى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە مێژووى خەباتى ڕزگاریخوازى گەلەکەمان و ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترى خوێندن، ئەم بڕیارەمان داوە".

ڕاشیگەیاندووە، "مەرجی وەرگرتنی کورسیی تایبەت ئەوەیە، هه‌ر كه‌سێك پێشکەشی دەکات، دەبێت سەرجەم مەرجەکانى پێشکەشکردنى تێدابێت، لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەربچێت، هەروەها به‌ده‌ر له‌ پلانی ئاسایی وه‌رگرتن، کورسیى خوێندنى تایبەتی بۆ تەرخاندەکرێت، واتە ناچنه‌ پێشبڕكێی پێشكه‌شكارانی دیكه".

وتووشیەتی، "هەر لە کۆبوونەوەکەشدا چەند بابەتێکى پەیوەست بە پێشخستنى دۆخى خوێندنى باڵامان لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرد، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەش بڕیاریان له‌باره‌وه‌ درا".