سەردێڕ:

عێراق.. ٨٣ بڕیاری دەستگیركردن بۆ بەرپرسانی پلە باڵا دەرچووە

فۆتۆ: 
2019-11-13

2856 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا دادگا ٨٣ فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەو بەرپرسە پلە باڵایانە دەركردووە، كە لەلایەن دەستەی دەستپاكیی عێراقەوە كەیسی گەندەڵییان ڕەوانەی دادگا كراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە بەیاننامەیەكدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویكردەوە، دادگای باڵا لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا ٣٧٧ بڕیاری لەبارەی بەرپرسانی تێوەگلاو بە گەندەڵی دەركردووە، لەو ژمارەیەش ٨٣ بڕیاریان فەرمانی دەستگیركردنی بەرپرسانی پلە باڵا بووە، وەك وەزیر و ئەندام پەرلەمان و جێگری وەزیر و پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی و چەند بەرپرسێكی دیكەی حكومی و حزبی.

لە بەیاننامەكەی دادگای عێراقدا هاتووە، ئەو بەرپرسانە سەرجەمیان كەیسی گەندەڵییان لە دەستەی دەستپاكیی عێراق هەیە و، لەلایەن ئەو دەستەیەوە كەیسەكانیان ڕەوانەی دادگا كراوە.

بەردەوام حكومەتی عێراق و دادگای باڵای عێراق لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حكومەت دەكەن، هەندێكیان بەهۆی گەندەڵییەوە لە كارەكانیان دووردەخرێنەوە و، هەندێكی دیكەش لە ترسی لێپرسینەوە بۆ دەرەوەی عێراق هەڵدێن، بەڵام لەم جۆرە لێپرسینەوانە لە هەرێمی كوردستان بەدیناكرێت.