سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەک بۆ کێشەی کارمەندانی گرێبەست پێکدەهێنێت

فۆتۆ: 
2019-11-13

2610 جار خوێندراوەتەوە

 لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی بابەتی کارمەندانی گرێبەست.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی هەرێم کۆبوەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی کارمەندانی گرێبەست پێکبهێنێت، بۆئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەکە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتیی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە و دارایی و ئابووری، بۆ بەدواداچوونی بڕگەکانی راپۆرتێکی وەزارەتی پێشمەرگە، کە دەربارەی پێکهاتەی وەزارەت و میلاک و خەرجییەکان و هەنگاوەکانی پڕۆژەی چاکسازی لە بواری کاروباری پێشمەرگە بوو.

لەمیانەی کۆبوونەوەکەشدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

ئەمەش لەکاتێکدایە، چوارشەممەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، بڕیاردرا مامۆستایانی گرێبەست بە هەمیشەیی بکرێن لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە، هەردوابەدوای ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەشێکی کارمەندانی گرێبەستیش، گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوای بە هەمیشەییکردنیان کرد.