سەردێڕ:

عەبدولمەهدى: خۆپیشاندانەکان دەرفەتێکى گەورەن بۆ چاکسازى

فۆتۆ: 
2019-11-12

1988 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکان رووداوێکى گرنگن ودەرفەتێکى گەورەن بۆ چاکسازى.

لە لێدوانێکیدا دواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق عادل عەبدولمەهدى رایگەیاند، گەندەڵییەکان لەم چەند مانگەى دواییدا کەڵەکەنەبوون و لە ساڵانى رابردوودا کەڵەکەبوون و حکومەتى ئێستا بەرپرسیارێتى دۆسیەى گەندەڵییەکان هەڵناگرێت.

راشیگەیاند، شۆڕشى گەنجان بزوتنەوەیەکى چاکسازیی گەورەیە و گشتگیرە.

باسى لەوەشکرد، حکومەتى ئێستا کار بەو بودجە هەڕەمەکییانە ناکات وەک حکومەتەکانى پیشوو  و دەتوانرێت چارەسەرى گەندەڵییەکان بکرێت لە رێگەى روبەروبونەوەى ئەو سیستمەوە کە پاڵپشتى کردووە.

وتیشى، پێویستمان بە هەموارى دەستور هەیە لەگەڵ چاکسازى لە سیستمى هەڵبژاردندا.

عەبدولمەهدى ئاماژەى بەوەکرد، لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا کەسانێک هەبوون هەوڵیان ئەدا ململانێى لە ناو ماڵى شیعەکاندا دروست بکەن.

دەشڵێت، " هێزە ئەمنییەکان لە یەکى ئۆکتۆبەرەوە تا ١٠ى ئۆکتۆبەر گولەیان بەکارهێناوە و بەپێى یاساش نابیت لە چوار کاتژمێر زیاتر خۆپیشاندان بەردەوام بێت، لەکاتێکدا ماوەى ٤٠ رۆژە خۆپیشاندان بەردەوامە.

سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەکرد، "دەرچوین لە ناو دڵى ئاڵۆزى و خۆپیشاندانەکاندا و ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ خۆپیشاندەران و سەندیکاکان دەکەین و دەوڵەتیش لەسەر پێى خۆیەتى".