سەردێڕ:

ترەمپ: تەلەفۆنەکەی نێوان خۆم و سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرادەکەم

لەم هەفتەیەدا
فۆتۆ: 
2019-11-12

3546 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەپێش کۆتایی ئەم هەفتەیە دەقی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان خۆی و سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرادەکات.

لە زنجیرەیەک تویتدا، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، بەمنزیکانە و لە پێش کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، دەقی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان خۆی و ڤۆلۆدمێر زیلینسکی هاوتا ئۆکرانییەکەی بڵاودەکاتەوە.

هاوکات لە تویتێکیدا ئەوەشی وتووە، "هەرچەندە من سەرۆکی ئەمریکام و دەتوانم لێپێچینەوە لە جۆو بایدن بکەم، بەڵام با دەقی تەلەفۆنەکە ببینن، ئەوکات دەزانن کە من فشارم لە سەرۆکی ئۆکرانیا نەکردووە تا سزای بدات".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، بەپێی پێشبینییەکان، جۆو بایدن دەبێتە رکابەری سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠دا.

پێشتر، وردەکاریی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ئۆکرانیا، کە لە ٢٥ی تەمووزدا ئەنجامیاندابوو، ئاشکراکرا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، دۆناڵد ترەمپ داوای لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردبوو کە هەنتەر بایدن کوڕەکەی جۆو بایدن، بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی بداتە دادگا لە وڵاتەکەیدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کوڕەکەی جۆو بایدن ئەندامە لە بۆردی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی سامانی سروشتی لە ئۆکرانیا، هاوکات ئەم گرژییەی نێوان ئەم دوو رکابەرەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی داهاتووی ئەمریکا، هەر بەمەوە نەوەستاوە، بەڵکو ڕۆژانە یەکتری بە گەندەڵی و کاری نایاسایی تۆمەتباردەکەن.