سەردێڕ:

هەواڵى رفاندنى چالاکێکى خۆپیشاندانەکانى بەغداد بڵاوکرایەوە

پێشتر گرتە ڤیدیۆیەکى بڵاوکردبووەوە
فۆتۆ: 
2019-11-12

15082 جار خوێندراوەتەوە

چالاکانى مەدەنى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵى رفاندنى مارى محەمەد دلێمى یەکێک لە چالاکانى خۆپیشاندانەکانى بەغدادیان بڵاوکردەوە.

ئەو چالاکانە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى تویتەر بڵاویانکردەوە، مارى چوار رۆژە بێسەروشوێنە، بۆیە بڵاویان نەکردووەتەوە چونکە بە هیوا بوون رفێنەرەکان لە بەرانبەر بڕە پارەیەک ئازادى بکەن، دواى ئەوەى دڵنیابوون لەوەى هۆکارى رفاندنەکە سیاسییە، بۆیە هەواڵەکە دوێنێ دووشەممە بە شێوەیەکى زۆر بڵاوبوویەوە.

مارى بەشداریى کاراى لە خۆپیشاندانەکانى دواى ٢٥ى ئۆکتۆبەر کردووە، کە داواى گۆڕینى سیستمى سیاسیى وڵات و باشکردنى بژێویى ژیانی هاوڵاتیانیان دەکرد.

مارى تەمەن ٢٢ ساڵ، دووەم چالاکى ئافرەتى مەدەنییە کە لە خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەدا بێسەروشوێن ببێت، لە دواى سەفا مەهداوى کە لە دووى ئەم مانگەوە بێسەرو شوێنکراوە.

مارى دەرچووى پەیمانگاى راگەیاندنە و چارەسەرى فریاگوزاریى تەندروستیی بووە لە گۆڕەپانى تەحریر و کەسایەتییەکى دیارى خۆپیشاندانەکان بووە.

مارى لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دەرکەوتووە کە عادل عەبدولمەهدى بە شکستخواردوو ناودەبات و دەڵێت، "ئەى باوکى نیسک،" وەک ئاماژەیەک بۆ حکومەتەکەى کە لە بەشە خۆراکى مانگانەدا بۆ هەر هاوڵاتییەک لە مانگى رەمەزاندا نیو کیلۆ نیسکى دابەشکردووە.

مارى لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەشڵێت، "بەردەوام دەبم لە دابەشکردنى سندوقى پیپسى لە گۆڕەپانى تەحریر، کە وەک دژە گازى فرمێسکڕێژ لە خۆپیشاندەران بەکاریاندەهێنا".

مارى هەر لە گرتەکەدا دەڵێت، "ئەوەى لە توانامدایە بۆ خۆپیشاندەرانى خەرجدەکەم و بەنزینى ئۆتۆمبێلە بچووکەکانى گۆڕەپانى تەحریر، کە ناوى (توک توک)ە،  دابیندەکەم".

بەپێى سەرچاوەکانى پۆلیس، لە سەرەتاى خۆپیشاندانەکانى ئۆکتۆبەرى رابردوەوە تا ئێستا، چارەنووسى ٢٦ چالاکى مەدەنى و خۆپیشاندەر دیارنییە و بێسەروشوێنن، هەروەها لە بەغداد و بەسرە سێ چالاکى مەدەنى کوژراون، لەگەڵ دەستگیرکردنى نزیکەى ٤٠٠ چالاکى مەدەنى و خۆپیشاندەر لە بەغداد و شارەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق.

ئەوەش گرتە ڤیدیۆیەکەیە کە مارى بڵاویکردبووەوە:

 

‌بەپەلە