سەردێڕ:

سلێمانی.. زانکۆی ئەمریکی فەرمانێکی خوێندنی باڵا جێبەجێ ناکات

گردبوونەوەی بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی
فۆتۆ: خوێندکارانی زانکۆکە
2019-11-12

11342 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوای جێبەجێکردنی فەرمانی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەکەن، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەرچووە.

ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی-یان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، بەشێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆ ئەھلییە، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا، ناڕەزایەتییان بەرامبەر جێبەجێنەکردنی فەرمانی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ساڵانەیان نیشاندا.

خوێندکارێکی ناڕازی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی ڕاگەیاند، لەلایەن بەرپرسانی زانکۆکەوە ئیمەیڵیان بۆ کراوە کە بڕیاری کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ساڵانە بە ڕێژەی لە سەدا ٢٥، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە وەکو فەرمانی وەزاری دەرچووە، جێبەجێ ناکەن و، پێویستە بە زووترین کات بە ھەمان ئەو بڕەی جاران لێیان وەرگرتوون، کرێی خوێندنی ئەمساڵیشیان بدەن.

خوێندکارێکی دیکەی ناڕازی ئاماژەی بەوەکرد، جگە لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، ھەموو زانکۆ تایبەتەکان ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا جێبەجێ دەکەن و، ئەوەش دۆخێکی وەھای بۆ دروستکردوون، کە خوێندکاری قۆناغەکانی کۆتاییان تێدایە بەھۆی نەبوونی توانای ماددی، دەیەوێت واز لە خوێندن بھێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، جێگری سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی لە وەڵامیدا بۆ خوێندکارە ناڕازییەکان باسی لەوە کردووە، زانکۆکەی ئەوان زانکۆیەکی قازانج نەویستە و ئەو کرێیەی لە خوێندکارانی وەردەگرن، تەنیا بەشی موچەی مامۆستاکانیان دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە واژۆی وەزیر و ڕێککەوتی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ی لەسەرە، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری پەیمانگە تایبەتەکان، بڕیاردراوە بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە ڕێژەی لە سەدا ٢٥ بۆ گشت قۆناغەکان لە خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا.